hemerang.com

 

 

 

 

 

    B   C   D     F   G   H     J     L   M   N   O   P  Q   R   S   T   U   V   W   X   Y   Z

 

 
 دوایین دیدار و خوا حافیزی تا ئه‌به‌دییه‌ت

 

هه‌ڵه‌بجه‌ – ئه‌و رۆژه‌ی كۆرپه‌له‌ ساواكه‌ی بۆ لای دكتۆر برده‌ سلێمانی و ئه‌و ساته‌ دیدار و خوا حافیزیه‌ی (روبا) له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی كردی، ئه‌مه‌ دوایین دیدار و خوا حافیزی تا ئه‌به‌دییه‌ت بوو.
 

رۆژی 12 مانگ منداڵه‌ ساواكه‌ی زۆر نه‌خۆشبوو، بۆیه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن به‌ره‌و شاری سلێمانی به‌ڕێكه‌وتبوو، تا له‌ وێ منداڵه‌كه‌ی چارسه‌ره‌ بكات، به‌ڵام ئه‌وه‌ دوایین بینین و خوا حافیزی بوو، كاتێك كه‌ مێرده‌كه‌ی به‌ڕێكردو له‌ گه‌راج سواری پاسێك كرد و له‌ دووره‌وه‌ ده‌ستێكی خوا حافیزی بۆ به‌رزكرده‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی له‌ 12ی مانگ له‌ عیاده‌ی پزیشك ده‌رنگی به‌سه‌ر داهات و كه‌وته‌ شه‌و نه‌یتوانی به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، به‌یانی زووی رۆژی دواتر كاتێك ویستی بگه‌ڕێته‌وه‌، له‌ گه‌راجی هه‌ڵه‌بجه‌ خه‌ڵكێكی زۆر له‌ وه‌ستاوبوون و هیچ ئۆتۆمبیلێكیش ئاماده‌ نه‌بوو به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ رێگه‌ بگرێت، له‌ وێ له‌ چرپه‌ چرپی قسه‌ی خه‌ڵكی زانی كه‌ بۆچ هیچ ئۆتۆمبیلێك به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ ناچێت، گوایه‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ و ده‌وروبه‌ریدا شه‌ڕه‌ ، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا هه‌ندێ جار و جار جاره‌ كه‌سێك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌هات و هه‌واڵی ناوچه‌كه‌ی ده‌گه‌یانده‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ زۆره‌ی له‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ و كه‌سوكاریان دابوون، به‌ڵام رۆژی 15 مانگ ئه‌و هه‌واڵانه‌ش به‌ ته‌واوی بڕاو ئیتر هیچ كه‌سێك له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ به‌ره‌و سلێمان نه‌هات، په‌یام بگه‌یه‌نێت.

"روبا محه‌ممه‌د سه‌لیم" كه‌ كاتی كیمیابارانه‌كه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌مه‌نی 21 ساڵ بوو ماوه‌ی دوو ساڵ بوو ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ (مه‌حمود سه‌عید محه‌ممه‌د)ی  كوڕه‌ پورزای پێكهپنابوو، ته‌نها كوڕێكی ساوایان به‌ ناوی (جوانڕۆ) هه‌بوو، له‌ باره‌ی چۆنیه‌تی شه‌هیدبوونی مێرده‌كه‌یی و به‌سه‌رهاتی كاره‌ساتی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌م شێوه‌یه‌ هاته‌ گۆ: له‌ سلێمانی برایه‌كم به‌ ناوی "فاتیح محه‌ممه‌د سه‌لیم" ، كه‌ قوتابی بوو ئه‌ویش وه‌ك من له‌ ماڵه‌وه‌ دابڕابوو، دوای 15 رۆژ هه‌واڵێكمان بۆ هات گوایه‌ مێرده‌كه‌م به‌ سوكی برینداره‌و له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی شارۆچكه‌ی (پاوه‌)ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌، بۆیه‌ بڕماندا له‌گه‌ڵ براكه‌م و كۆرپه‌ ساواكه‌م به‌ره‌و خاكی ئێران ئاودیو بین.

بۆ جارێكی دیكه‌ی بینی مێرده‌كه‌ی سنووری نێوان دوو وڵاتی به‌پێی په‌تی بڕی و كه‌چی له‌ بینیشی هه‌ر نا ئومێد بوو

له‌ باره‌ی چۆنییه‌تی به‌ قاچاخ ئاودیو بوونیان بۆ دیوی ئێران، "روبا" گوتی: كۆرپه‌له‌كه‌م له‌ باوه‌ش گرت و له‌گه‌ڵ شوبراكه‌م له‌ رێگه‌ی (قه‌ڵادزێ)ـوه‌ به‌ رێگه‌ی قه‌ندیل دا به‌ره‌و ئێران به‌ڕێكه‌وتم ، هه‌موو ئه‌و رێگه‌یه‌ی له‌ قه‌ندیله‌وه‌ گوزه‌ر ده‌كات، به‌بێ پێڵاو و به‌پێی په‌یتیه‌وه‌ تا ناو خاكی ئێران رۆیشتم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماڵی باوكم و خزم و ناسیاومان له‌ شارۆچكه‌ی پاوه‌ بوون، یه‌كسه‌ر به‌ره‌و ئه‌وێ به‌ڕێكه‌وتین و له‌ وێ ماڵی باوكم دۆزیه‌وه‌، هه‌ر به‌ بینی باوكم هه‌ستم كرد هه‌واڵێكی جه‌رگ بڕ چاوه‌ڕوانم ده‌كات، له‌ وێ باوكم پێی وتم كه‌ هیچی له‌ ده‌ست نایه‌ت و تازه‌ هاوسه‌ره‌كه‌ت و ئه‌ندامانی خانه‌واده‌ی ماڵی خه‌سووت شه‌هید بوون.

"روبا محه‌ممه‌د سه‌لیم" ئاماژه‌یدا، باوكم وتی :له‌ گوندی "عه‌بابه‌یلێ" بووم، ته‌ماشام كرد، "كاك حه‌مه‌ ئه‌مین" به‌ پاسێك دێ، كاتێك گه‌یشته‌ "عه‌بابه‌یلێ" ته‌رمێكی پێ بوو، منیش ته‌ماشاییم كرد، ئاگام لێبوو "كاك حه‌مه‌ ئه‌مین" هاوكاری كرد ئه‌و نییه‌، چونكه‌ وایزانی بوو ته‌رمی "فه‌یسه‌ل"ی برایه‌تی، به‌ڵام كه‌ سه‌یرم كرد (مه‌حمود)ی هاوسه‌ری تۆبوو و هه‌ر له‌ گوندی "عه‌بابه‌یلێ" چالێكم هه‌ڵكه‌ند و به‌ جله‌كانی خۆیه‌وه‌ ناشتم.

"روبا" باسی له‌وه‌ كرد، به‌ر له‌ كاره‌ساتی كیمیاباران، ماڵیان له‌ گه‌ڕه‌كی (سه‌راو) بووه‌ و رۆژی كیمیابارانه‌كه‌ش له‌ خانه‌واده‌ی خۆیی و ماڵی خه‌سووی ئه‌مانه‌ شه‌هید بوون:
مه‌حمود سه‌عید محه‌ممه‌د / هاوسه‌ری رووبا
سه‌بیحه‌ حه‌سه‌ن حسێن/ دایكی مه‌حمود و خه‌سوری روبا
له‌تیف سه‌عید محه‌ممه‌د/ برای مه‌حمود
غه‌فار مه‌حمود ئه‌حمه‌د/ خوشكه‌زای مه‌حمود، به‌سه‌ردانی چۆته‌ هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مانه‌و ئه‌ندامانی ماڵی "شه‌هید مسته‌فای ده‌لاك" ، كه‌ ئه‌وانیش زیاتر له‌ حه‌وت شه‌هیدیان هه‌یه‌، له‌ رێگه‌دا پێكه‌وبوون، تا گۆڕستانی شه‌هیدان هه‌موویان به‌ هۆكاری كاریگه‌ی چه‌كی كیمیایی شه‌هیدبوون، باسی له‌وه‌شكرد، جگه‌ له‌ هاوسه‌ره‌كه‌ی، تاوه‌كو ئێستا هیچ ئاسه‌وارێكی له‌ سێ شه‌هیده‌كه‌ی دیكه‌یان نازانن.

"روبا محه‌ممه‌د سه‌لیم" ئێستا كه‌ ته‌مه‌نی 41 ساڵه‌ باسی له‌ ژیانی سه‌ختی خۆیكرد، كه‌ ماوه‌ی 20 ساڵه‌ به‌ دیار ته‌نیا كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ دانیشتووه‌ و ئێستا جوانڕۆ قوتابی قۆناغی سێیه‌می په‌یمانگه‌ی هونه‌ره‌ جوانه‌كانه‌، ته‌نیا شتێك كه‌ دڵخۆشی ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ به‌ سه‌ربه‌ستی توانیویه‌تی منداڵه‌كه‌ی پێ بگه‌یه‌نێت، ئاماژه‌یدا كاتی خۆی ئه‌و ئاڵتون و ماره‌ییه‌ی پێی بڕابوو، له‌ گه‌ڕه‌كی (مامۆستایان)ی هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌لاوه‌یه‌كی پێ كڕیوه‌ و دواتر له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ وه‌ك خانووێكی ئاسایی بۆی نۆژه‌ن كراوه‌ته‌وه‌ و تێیدا نیشته‌جێن.

روبا: "منیش خێزانی شه‌هیدم و له‌ خانووی شه‌هیدان بێ به‌شیان كردووم"

ئه‌و خێزانه‌ شه‌هیده‌ گوتی: ئێستا له‌و خانووانه‌ی بۆ شه‌هیدانی كیمیاباران دروست ده‌كرێن، به‌ بیانووی ئه‌وه‌ی گوایه‌ كاتی خۆی سوودمه‌ندبووم، له‌ پێدانی خانوێك له‌و خانووانه‌ بێ به‌شكراوم.

ئه‌و هه‌رچه‌ند باس له‌وه‌ده‌كات ئێستا ژیانی باشه‌و له‌ قوتابخانه‌ی (عادیله‌ خانی) سه‌ره‌تایی فه‌رمانبه‌ره‌ و مووچه‌ی شه‌هیدانه‌ی مێرده‌كه‌شی وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌و رۆژانه‌ی له‌ بیرناچێت به‌ سه‌ختی و هه‌ژاری و ده‌ست كورتییه‌وه‌ به‌ڕێكردوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بێبه‌شكردنی له‌و خانووانه‌ به‌ ماف خورانی شه‌هیده‌كه‌ی ده‌زانێت.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پاش ئه‌وه‌ی له‌ ساڵی 1988 چوونه‌ته‌ ئێران، له‌ ئۆردوگای (سه‌ریاس) له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان نیشته‌جێبوون، تا دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ئاداری ساڵی 1991 نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌

 

 

 

 

 

 

 

 

   

Favorite

    ئه‌م بابه‌ته‌ پرینت بکه‌ Print This Page
   گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌شی سه‌ره‌کی Back to main page

 

 


 

  سه‌ره‌نجی خۆت له‌سه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌‌ بنۆسه‌

 


ناوه‌که‌ت
Email Address
بابه‌ت
په‌یامه‌که‌ت

 

 

 

 

 

 

گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌شی سه‌ره‌کی

 

 

 

Copyright © 2007-2008   Hemerang Abdullah Dollamary