hemerang.com

 

 

 

 

 

    B   C   D     F   G   H     J     L   M   N   O   P  Q   R   S   T   U   V   W   X   Y   Z

 

 

فیلمه‌ کۆمیدیه‌کانى هه‌ولێر شکست به‌ هۆڵییود ده‌هێنێت

 

 

 

ئه‌و فیلمانه‌ى شارى هه‌ولێر کۆمیدین یان مه‌هزه‌له‌ن ؟

 

سالاَنى ڕابردوو کارى کۆمیدى جوانتر ده‌کرا یان ئێستا ؟

 

کۆمیدیا دروست ده‌کرێت یان په‌ره‌ى پێده‌رێت ؟

 

 

چه‌ند ساڵێکه‌ له‌شارى هه‌ولێر به‌ ڕێژه‌یه‌کى زۆر نه‌ک سالاَنه‌ به‌ڵکو مانگانه‌ چه‌ندین فیلمى به‌ناو کۆمیدى به‌رهه‌م ده‌هێنرىَ و بلاَوده‌کرێته‌وه‌ به‌لاَم له‌بناغه‌شه‌وه‌ نه‌ک کۆمیدى نیه‌ به‌ڵکو زۆرجار به‌ مه‌هزه‌له‌ ناوى ده‌به‌ن ئه‌م فیلمانه‌ دوو کۆمه‌ڵه‌ ڕۆڵى تیا ده‌بینن کۆمه‌ڵێکیان هه‌ر په‌یوه‌ندیان به‌ نواندنه‌وه‌ نیه‌ نه‌ک ئه‌وه‌ى ڕۆڵى کۆمیدى به‌رجه‌سته‌ بکه‌ن ته‌نیا بۆ گاڵته‌ به‌خۆ کردنه‌ و هیچى تر کۆمه‌ڵه‌که‌ى تریش له‌ ڕووى قسه‌کردن و هه‌ڵسوکه‌وته‌وه‌ بناغه‌یه‌کى کۆمیدیان هه‌یه‌ به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هێشتا له‌و ئاسته‌دا نین و پێویستیان به‌ڕێگاى زانستى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن په‌ره‌ به‌و به‌هره‌ کۆمیدیه‌ى خۆیان بده‌ن,ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ له‌ ئاستێکى زۆرباش ناتوانن که‌ش و هه‌وایه‌کى وا دروست بکه‌ن که‌بینه‌ر بهێننه‌ پێکه‌نین و تام و چێژێکى خۆشیان پىَ ببه‌خشن نابێت ئه‌وه‌مان له‌ یاد بچێت که‌ کۆمیدیا به‌هره‌یه‌ ده‌بێت خوداى گه‌وره‌ پێت ببه‌خشێت چونکه‌ کۆمیدیا دروست ناکرێت به‌لاَم په‌ره‌ى پێده‌درێت ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ته‌مه‌نته‌وه‌ هه‌وڵ بده‌یت خۆت بکه‌یت به‌ که‌سێکى کۆمیدى هه‌تا ئه‌و کاته‌ى ده‌چیته‌ ژێر گڵ هه‌رگیز ناتوانیت ئه‌م کاره‌ ئه‌نجام بده‌یت بۆیه‌ ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ى که‌ کۆمیدى نین و ده‌یانه‌وىَ خۆیان بکه‌ن به‌ کۆمیدى به‌ بۆچوونى هه‌زاران که‌س کارێکى تر بکه‌ن باشتره‌ نه‌ک خۆیان ناشرین بکه‌ن له‌ناو کۆمه‌ڵگادا زۆرجار له‌ کورده‌واى خۆماندا پێیان ده‌ڵێن(بێتام یان بىَ له‌زه‌ت)نمونه‌ى ئه‌و ئه‌کته‌رانه‌ هه‌یه‌ به‌لاَم پێویست ناکا ناویان بێنم چونکه‌ خۆیان باش ده‌زانن کێن به‌لاَم نازانم بۆچى خۆیان کردووه‌ به‌(که‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت) و هه‌ر ده‌ڵێى مێشێک میوانیان نیه‌,بینینى ڕۆڵى کۆمیدیا کارێکى هه‌روا ئاسان نیه‌ هه‌موو ئه‌کته‌رێک ناتوانێت ڕۆڵى کۆمیدى ببینێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌کته‌ری کۆمیدى ئه‌گه‌ر شێوه‌ى ده‌م و چاوى که‌مێک به‌لاى کۆمیدیدا بڕوات ئه‌وکاته‌ که‌مێک کاره‌که‌یان ئاسان تر ده‌بێت و ده‌توانن ببنه‌ ئه‌کته‌رێکى سه‌رکه‌وتوو به‌ مه‌رجێک ڕێگه‌ زانستیه‌که‌ى له‌گه‌ڵدا بێت...ئه‌کته‌رى به‌ناوبانگ(چارلى چاپلن) که‌ زۆر ئه‌ستمه‌ که‌سێک کاره‌کانى نه‌بینیبێت یان نه‌یناسێت یه‌کێکه‌ له‌ که‌ڵه‌ ئه‌کته‌ره‌ کۆمیدیه‌ ناوداره‌کانى جیهان که‌ به‌ ڕێبه‌رى(کۆمیدیاى بىَ ده‌نگ) داده‌نرێت له‌ جیهاندا زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى کاره‌کانى بێده‌نگه‌ و هیچ جۆره‌ گفتۆگۆیه‌کى تێدا نابینرێت به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا کۆمیدیه‌ و لێشى تێده‌گه‌ین به‌لاَم ئه‌و فیلمانه‌ى هه‌ولێر گفتۆگۆى له‌گه‌ڵ دایه‌ ئینجا نه‌پێى پێده‌که‌نین نه‌ لێى تێده‌گه‌ین به‌لاَم ڕێژه‌ى پێکه‌نین له‌که‌سێک بۆ که‌سێک جیاوازه‌ من وه‌کو ڕێژه‌ى گشتى باسى ده‌که‌م,ئه‌کته‌رى به‌ناوبانگى جیهان(مسته‌ر بین)که‌ هێشتا له‌ ژیاندا ماوه‌ یه‌کێکه‌ له‌ ئه‌کته‌ره‌ ناوداره‌کانى جیهان زۆربه‌ى کاره‌کانى بێده‌نگه‌ به‌لاَم که‌س نیه‌ به‌ کاره‌کانى پێنه‌که‌نێت چونکه‌ جۆره‌ هه‌ڵس و که‌وتێک ئه‌نجام ده‌دات هه‌ر شایه‌نى پێکه‌نینه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خواى گه‌وره‌ ده‌م و چاوى به‌ شێوه‌یه‌کى کۆمیدى نه‌خشاندووه‌ بڕوا ناکه‌م هیچ که‌سێک ڕقی لێیبێت,ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ینه‌ هه‌ندێک کارى هونه‌رمه‌نده‌ میسریه‌کان وه‌ک(ئیسماعیل یاسن,عبدالسلام النابلسى,ئه‌حمه‌د بدێر,سه‌ید زیان,عادل ئیمام...هتد) ئینجا ده‌زانین کۆمیدیا له‌ ئاستێکى چه‌ند پێشکه‌وتوو دایه‌ و چ تام و چێژێک به‌ بینه‌ر ده‌به‌خشن ئه‌مه‌ش به‌ته‌نیا ناگه‌ڕیته‌وه‌ بۆ زیره‌کى ئه‌کته‌ره‌کان به‌ڵکو شاره‌زا و لێهاتوویى نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ریشى تیا به‌دى ده‌کرێت ڕاسته‌ لێهاتوویى ئه‌کته‌ر زۆر گرنگه‌ به‌لاَم وه‌کو ده‌زانین چه‌پڵه‌ به‌یه‌ک ده‌ست لێنادرێت و هه‌موویان ته‌واوکه‌رى یه‌کترن,له‌ناو میلله‌تى خۆشماندا کۆمه‌ڵێک ئه‌کته‌رى کۆمیدى زۆر لێهاتوو هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى له‌شارى سلێمانى وه‌ک(مسته‌فا ئه‌حمه‌د((وه‌ستا عه‌لى)),مه‌کى حاجى عه‌بدوڵلاَ((عه‌لیه‌ فه‌نى)),ئازادى حه‌مه‌ پچکۆل,که‌مال چالاک,عومه‌رى که‌ریم ئاغا,زاهیر عه‌لى,ماهیر حه‌سه‌ن,به‌رزان قادر,ئه‌حمه‌د جۆلاَ,زاهیر جه‌لال,عیرفانى وه‌ستا محه‌مه‌د((حه‌مه‌ ده‌مبڵ))...هتد) کاره‌کانیشیان له‌لایه‌ن بینه‌ره‌وه‌ پێشوازییه‌کى باشى لێکراوه‌ و زۆربه‌ى بینه‌ر لێیان ڕازیه‌...ئه‌و فیلمه‌ مه‌هزه‌لانه‌ى له‌شارى هه‌ولێر که‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت پێم وابێت یان لیژنه‌ى هه‌ڵسه‌نگاندن له‌ وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى لێى بىَ ئاگایه‌ یان کاتێک پلانى ئه‌و فیلمانه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌ستى ئه‌ندامانى لیژنه‌ به‌شێوه‌یه‌کى هه‌ڕه‌مه‌کى بڕیارى وێنه‌گرتنى له‌سه‌ر ده‌ده‌ن چونکه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌ هیچ زانیاریه‌کى ئه‌وتۆیان له‌سه‌ر فیلم نه‌بێت و جۆرى شیاو و نه‌شیاو لێک جیا نه‌که‌نه‌وه‌ بۆیه‌ له‌کۆڵى خۆیانى ده‌که‌نه‌وه‌ یان وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى هیچ ئاگایه‌کى له‌م فیلمانه‌ نیه‌ که‌ بلاَوده‌کرێنه‌وه‌ هه‌ربۆیه‌شه‌ ئاستى کۆمیدیا له‌ ولاَتى ئێمه‌دا و به‌تایبه‌تى له‌شارى هه‌ولێر ڕووى له‌ شکست کردووه‌ له‌چاو سالاَنى ڕابردوو ئه‌گه‌ر ڕێگه‌ چاره‌یه‌کى بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌ ئه‌وا به‌ ته‌واوه‌تى له‌ناو ده‌چێت,له‌ساڵى حه‌فتاکاندا له‌شارى سلێمانى به‌ توانایه‌کى لاواز له‌بوارى ته‌کنه‌لۆژیاى هونه‌رى توانیان چه‌ندین دراما و شانۆى کۆمیدى جوان به‌رهه‌م بهێنن به‌ڕاستى بینه‌ر تام و چێژێکى زۆرى لێوه‌رده‌گرتن نمونه‌ى ئه‌م کاره‌ کۆمیدیانه‌ دراماى(لانه‌وازان و خوله‌ چه‌خماخ)بوون که‌ له‌ که‌ناڵى پێشووى(که‌رکوک)په‌خش ده‌کرا,له‌ساڵى نه‌وه‌ده‌کاندا هه‌رچه‌نده‌ بارو دۆخى هه‌رێمى کوردستان له‌ ڕووى سیاسى و ئابوریه‌وه‌ نا له‌باربوو به‌لاَم هه‌رچۆنێک بێت توانیان به‌رنامه‌یه‌کى کۆمیدى له‌شارى سلێمانى پێشکه‌ش بکه‌ن به‌ ناوى به‌رنامه‌ى(که‌شکۆڵ) که‌ ئه‌م کاره‌شیان یه‌کێک بوو له‌ کاره‌ کۆمیدیه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کان و بینه‌رێکى زۆرى هه‌بوو,هه‌تا ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ى دوایش خه‌ڵکى به‌ دوایدا ده‌گه‌ڕا بۆ ئه‌وه‌ى به‌ کاسێتى ڤیدیۆ یان به‌ سیدى ده‌ستیان بکه‌وێت ,دواى ماوه‌یه‌ک ڕاوه‌ستانى به‌رنامه‌ى که‌شکۆڵ ئیتر له‌ کۆتایى ساڵى(١٩٩٨) و سه‌ره‌تاى دامه‌زراندنى که‌ناڵى خاک به‌رنامه‌یه‌کى تر پێشکه‌ش کرا به‌ناوى(به‌رنامه‌ى به‌رنامه‌)ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ش کۆمیدى بوو بینه‌رێکى زۆر له‌ ناوه‌ و ده‌ره‌وه‌ى ولاَت تامه‌زرۆى بوون,ئه‌کته‌رى کۆمیدى(عیرفانى وه‌ستا محه‌مه‌د)ناسراو به‌(حه‌مه‌ ده‌مبڵ)که‌ سالاَنێکه‌ له‌ بوارى کۆمیدیادا کار ده‌کات و به‌رهه‌مى زۆر جوانى پێشکه‌ش کردووه‌ وه‌کو فیلمى(که‌لله‌ پوت,بى بى,که‌ڵه‌گاى گه‌ڕه‌ک,هه‌ڵه‌...هتد) که‌ به‌ توانایه‌کى که‌م له‌ ڕووى ماددى و ئامێره‌وه‌ به‌رهه‌مى هێناون,کاتێک که‌ فیلمه‌کانى بلاَوده‌بێته‌وه‌ ڕێژه‌یه‌کى یه‌کجار زۆرى لێده‌فر ۆشێت به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سالاَنه‌ ته‌نیا یه‌ک فیلم به‌رهه‌م ده‌هێنێت چونکه‌ نایه‌وێت کاره‌کانى زۆرى و بۆرى پێوه‌ دیار بێت...ئه‌و فیلمانه‌ى به‌ وته‌ى خۆیان ناویان لێناوه‌ فیلمى کۆمیدى خۆزگه‌ له‌ڕووى وێنه‌گرتن و مۆنتاژ و هه‌ڵبژاردنى شوێنه‌کان و گشت سیسته‌مه‌کانى تره‌وه‌ که‌مێک پێشکه‌وتوو بوایه‌...سه‌نته‌رى به‌رهه‌م هێنانى فیلمى جیهانى ناسراو به‌(هۆڵییود) له‌ شارى(لۆس ئه‌نجلۆس)ى سه‌ر به‌ ویلایه‌تى(کالیفۆڕنیا)ى ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانى ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر بزانن کۆمه‌ڵه‌ که‌سێک له‌ شارى هه‌ولێر هه‌یه‌ و ستافێکى زۆر چالاکن له‌بوارى کۆمیدیا و مانگانه‌ زۆر به‌ئاسانى زیاتر له‌ چه‌ند فیلمێکى کۆمیدى به‌رهه‌م ده‌هێنن ئه‌وا گه‌وره‌ به‌رپرسانى(هۆڵییود)ناچار ده‌بن گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن بۆئه‌وه‌ى ڕه‌زامه‌ندى بده‌ن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى که‌ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌رى ئه‌و فیلمانه‌ ببه‌نه‌ ئه‌مریکا بۆئه‌وه‌ى خولێک بۆ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ره‌کانى ئه‌وان بکه‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ستافه‌ى له‌ هه‌ولێر کارده‌که‌ن ڕازى نه‌بن هیچ سه‌یر نیه‌ که‌ هۆڵییود شکست بهێنێت و چیتر به‌رده‌وام نه‌بێت له‌کاره‌کانى خۆى و به‌ تابلۆیه‌کى گه‌وره‌ له‌سه‌ر شه‌قامه‌کانى لۆس ئه‌نجلۆس بنووسن((له‌به‌ر نه‌هاتنى ستافه‌ چالاکه‌که‌ى شارى هه‌ولێر ناچار بووین کۆتایى به‌ کاره‌کانى هۆڵییود بهێنین چونکه‌ ئیتر ئێمه‌ تواناى کارکردنمان نه‌ما له‌گه‌ڵ داواى لێبوردنمان له‌گه‌ڵ گشت لایه‌ک.

تێبینى/ (که‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت) پیاوێکى شه‌ربه‌ت فرۆش بووه‌ له‌ شارى سلێمانى که‌ هه‌ردوو گوێى(که‌ڕ)بووه‌ بۆیه‌ ئه‌و ناوه‌ى به‌سه‌ردا بڕاوه‌,له‌ شارى سلێمانى و ده‌وروبه‌رى ئه‌گه‌ر یه‌کێک شتێک بزانێت و به‌لاَم گوێى پێنه‌دا پێى ئه‌ڵێن بۆ خۆت کردووه‌ به‌ که‌ڕه‌ى شه‌ربه‌ت

 

 

diar_nakshbandy@windowslive.com

 

دیارنه‌قشبه‌ندى/مالیزیا - کوالا لامپور

 

نێردڕاوه‌ له‌ لایه‌ن کاک سیزار به‌ سۆپاسه‌وه

 

   

Favorite

    ئه‌م بابه‌ته‌ پرینت بکه‌ Print This Page
   گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌شی سه‌ره‌کی Back to main page

 

 


 

  سه‌ره‌نجی خۆت له‌سه‌ڕ ئه‌م بابه‌ته‌‌ بنۆسه‌

 


ناوه‌که‌ت
Email Address
بابه‌ت
په‌یامه‌که‌ت

 

 

 

 

 

 

گه‌رانه‌وه‌ بۆ به‌شی سه‌ره‌کی

 

 

 

Copyright © 2007-2009   Hemerang Abdullah Dollamary